سانای تاكایچی، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند، وڵاتەكەی هەنگاوی كردەیی ناوە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز و پێشبینی دەكرێت تا مانگی ئایاری داهاتوو، زیاتر لە نیوەی هاوردەی نەوتی ژاپۆن لە ڕێڕەوگەلێكی جێگرەوە دابین بكرێت كە بە ناو ئەو گەرووەدا تێنەپەڕن.

تاكایچی ئاماژەی بەوە كرد، ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆكانی سەر گەرووی هورمز، بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی جیهانی لە دابینكردنی وزەدا، بۆ ئەم مەبەستەش تۆكیۆ پلانێكی هەمەجۆر جێبەجێ دەكات.

دەشڵێت، ژاپۆن سوود لەو بەندەرانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت كە ناكەونە ناو گەرووی هورمز وەك بەندەری یەنبوع لە سعودیە و فوجەیرە لە ئیمارات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ژاپۆن و هیندستان بە دوو وڵاتی سەرەكی كڕیاری نەوت و پاڵاوتنی نەوتی خاو دادەنرێن لە جیهاندا.