رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی توندی ئاڕاستەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە و لە پەیامەکەیدا ترەمپ داوای لە ئیسرائیل کردووە دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان کۆتایی پێبهێنێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانە لەوەی ئەم گرژییانە ببنە هۆی تێکدانی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران و ناسەقامگیربونی زیاتری ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە هەمان سەرچاوەی راگەیاندوە، کە تەلئەبیب بەدەم داواکارییەکەی ترەمپەوە چووە و بڕیارە چڕی هێرشەکانی بۆ سەر خاکی لوبنان کەم بکاتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، نزیکەی 10 سەکۆی موشەکیی حزبوڵایان لە ناوخۆی لوبنان تێکشکاندووە، کە پێشتر بۆ بۆردومانکردنی باکووری ئیسرائیل بەکارهێنرابوون.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە و رێکەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاگربەست، رەوشی مەیدانی هێشتا ئاڵۆزە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی زەنگی مەترسی لە زۆربەی شارەکانی ئیسرائیل، لەوانەش تەلئەبیب و ئەشدۆد بیسترا، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین موشەک لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ئەو ناوچانە کران

بەردەوامەی هێرشەکانی ئیسرائیل و  حزبوڵای لوبنان بۆسەر یەکتری، مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ئەو "ئاگربەستە ناسکە" دروست دەکات کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەیە، بەتایبەت کە هەردوولا لە چەند رۆژی رابردودا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکتری.