کۆریای باکور چەکی کارۆموگناتیسی تاقیکردەوە
محەمەد رزگار
٩ی نیسانی ٢٠٢٦
کۆریای باکور چەکێکی نوێی کارۆموگناتیسی تاقیدەکاتەوە و گرژییەکانی نیمچەدوورگەکە هەڵدەکشێن
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور رایگەیاند، پیۆنگ یانگ لە نێوان ٦ بۆ ٨ی ئەم مانگەدا زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی سەربازیی جۆراوجۆری ئەنجامداوە، کە گرنگترینیان تاقیکردنەوەی سەرەکیی جەنگیی موشەکی بالیستی تاتیکی و سیستمێکی نوێی چەکی کارۆموگناتیسی بووە.
سوپای کۆریای باشور پشتڕاستیکردەوە، تاقیکردنەوەکان لە ناوچەی (وۆنسان)ی سەر کەناراوە رۆژهەڵاتییەکان ئەنجامدراون، بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشور، موشەکەکان مەودای 240 کیلۆمەتریان بڕیوە و لە ناو ئاوەکانی دەریای رۆژهەڵات کەوتوونەتە خوارەوە.
سەرۆکایەتی کۆریای باشور کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجامدا و تاقیکردنەوەکانی بە " پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش" وەسفکرد.
لەلایەکی دیکەوە، پاسەوانی سنوری ژاپۆن رایگەیاند، موشەکەکان لە دەرەوەی ناوچە ئابورییە تایبەتەکانی وڵاتەکەی کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام چاودێری وردی رەوشەکە دەکەن.
ئەم تاقیکردنەوە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ئومێدەکانی سیئۆل بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن. لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور رایگەیاند: "سیئۆل لە ناو وەهمدا دەژی ئەگەر پێی وابێت پیۆنگ یانگ وەک دەوڵەتێکی دوژمن تەماشای ناکات."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە تەنها چەند رۆژێک لەمەوبەر، پیۆنگ یانگ لە بەیاننامەیەکدا ستایشی سەرۆکی کۆریای باشوری کردبوو، بەڵام تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئەمڕۆ جارێکی تر دۆخەکەی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر و ئاستی هەڕەشە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا بەرزکردەوە.


