دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەو دەنگۆیانە دوا کە باسیان لە دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرد و ئەوەشی روونکردەوە کە هەردوولایان دەیانەوێت بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی و جەنگ بوەستێت

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەدەستهاتووە و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەر ڕاوێژکاری سەرۆک، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی 15 خاڵی و راگرتنی جەنگ لە پەیوەندیدان.

وتیشی، ئێرانییەکان خۆیان دەسپێشخەرییان کردووە و دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، هەر بۆیە فەرمانی کردووە بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران دوابخرێن، تاوەکو دەرفەت بە دانوستانەکان بدرێت، پێشدەچێت هەر ئەمڕۆ لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هەردوولا ئەنجامبدرێت
.

ئەوەشی روونکردەوە، ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستبەرداربوونی تاران لە چەکی ئەتۆمی و یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بنیات دەنرێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی ئەرێنی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت لەڕێگەی کردنەوەی خێرای گەروی هورمزەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، فۆرمی گۆڕانکارییەکان لە دەسەڵاتی ئێراندا جددی دەبێت و دەکرێت هاوشێوەی ڤەنزوێلا سەرکردەیەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ وڵاتەکە، چونکە ئامانجی سەرەکی ئەوان رێگریکردنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن و گەرەنتیکراوە بۆ ئیسرائیل و هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
.