حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان لە ئیتاڵیا بە بەشداریی چەندین نوسەر و کەسایەتیی ناوداری کورد و ئیتاڵی بەڕێوەچوو و لە کۆتاییشدا بەیاننامەی کۆتایی فێستیڤاڵەکە بڵاوکرایەوە

دەقی بەیاننامەکە..

بەیاننامەی کۆتایی حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان

جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان
                  1865  - 1951
پێشەنگی دیبلۆماسیی کورد
رۆژی پێنجشەممە 19.03.2026 لە هۆڵی Compleso Monumentale di san Giovanni Corso Mazzini لە شاری Catanzaroی هەرێمی کالابیریای ئیتاڵیا ڕێوڕەسمی فێستیڤاڵ، کە لەلایەن سەرپەرشتیاران، دکتۆر جاسم تۆفیق خۆشناو ، مامۆستای زانکۆ لە ئیتاڵیا،  حەمید ئەبوبەکر بەدرخان ، بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتور و فەیسەڵ خۆشناو ، سەرۆکی ڕێکخراوی دیاکۆ  ئامادەسازییان بۆ کردبوو، بەبەشداریی سەرۆکی ئەنجومەنی شاری کەتەنزاڕۆ د. جانمیکێلی بۆسکۆ، بەرپرسی کەلتوریی کەتەنزارۆ خاتوو Danatella Monteverdi، رەفیق غەفور ئەندامی کۆنسەی سەرکردایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد KNK و د.هیمداد حوسێن، سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد، د. ناندۆ کەستانییە کەسایەتی زانستی و مێژوویی و ڕۆژنامەنووسیی دیاری ئیتاڵیای شاری کەتەنزارۆ و میوانانی فیستیڤاڵ لە کوردستان و ئەوروپاوە، سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بە سرودی نەتەوەی ئەی ڕەقیب و سرودی جەژنی نەورۆز و  بەدرخانی خاکپەروەرم دەستی پێکرد.
سەرەتا، بەئامادەبوونی پەیکەرتاش زاهیر سدیق، ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری شەریف پاشای خەندان لادرا، کە هونەرمەندی ناوبراو   لە سلێمانیەوە بەسپۆنسەریی د. تەها رەسوڵ دروستی کردبوو و بەهاوکاریی حەمید بەدرخان لە ئەڵمانیاوە گەیاندبوویە کەتەنزارۆی ئیتالیا. دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی شاری کەتەنزارۆ د. جان میکێلێ  بۆسکۆ، دوای ئەویش بەرپرسی کەلتوریی شارەکە وتاریان پێشکەش کرد و وتاری پارێزگاری سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لەلایەن پڕۆفیسۆر  هێرش رەسوڵەوە خوێندرایەوە و هەریەک لەد. جاسم خۆشناو و حەمید بەدرخان و فەیسەڵ خۆشناو سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵ وتاریان پێشکەش کرد. هەروەها جەنەڕاڵی ئیتالیی خانەنشین (Paspuale Martinello) وتارێکی پێشکەش کرد و پاشان رێزان ساڵح ئاغا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا و ڤاتیکان وتارێکی پێشکەش کرد. 
سەعات ٤ی پاشنیوەڕۆ سەرجەم بەشدارانی فیستیڤاڵ چوونە سەر گۆڕی جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان و دەیان چەپکە گوڵیان لەسەر گۆڕەکەی دانا.
رۆژی دووەم، هەینی 20.03.2026 سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی کارەکانی فیستیڤاڵ دەستی پێکردەوە و پارێزگاری کەتەنزارۆ پرۆفیسۆر Dr.  Nicola Fiorita. وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی ئێمە قەرزداری ئێوەین کە بیرتانخستینەوە گۆڕی ئەو پیاوە مەزنە (شەریف پاشا) لە شاری ئێمەیە. دواتر(Dr . Salvatore Bullotta) سەرۆکی دیوانی پارێزگای کەتەنزارۆ لە دەفتەری تۆماری مردووان، وەفاتنامەی شەریف پاشای خوێندەوە، کە دوای مردنی لە کەتەنزارۆ لەو دەفتەرە تۆمارکراوە. ئەوە یەکلایکرایەوە کە گۆڕی شەریف پاشا لە کەتەنزاڕۆیە.
هەر لە درێژەی چالاکییەکاندا، لە پانێڵی یەکەمدا دەربارەی کورد و دیبلۆماسیی هەریەک لە د. کارزان محەمەد، د. شێرکۆ حەمەمین و هاوکار حەمە فەرەج، لە پاشان پەیامی هەریەک لە هۆمەر شێخموس کەسایەتیی سیاسیی، جەنابی باڵیۆز، بەکر فەتاح، لە پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوڕوپا لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق،  د. ئیبتسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی گەڵاوێژ، د. زەردەشت حاجۆ سەرۆکی ڕوومەت Peni Kurd، باهۆز مستەفا، هاوڕێی نزیکی هونەرمەندی شێوەکار قەرەنی جەمیل...
لە کۆتا ڕۆژدا پانێڵی کورد و لۆبی کەلتوری هەر یەک لە پڕۆفیسۆر د. هێرش ڕەسوڵ و د. ابڕاهیم سەعید پێشکەشکران.
شایانی باسە هەر لە حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان دوو کۆرسی خوێندن دابینکرا بۆ ئەو خوێندکارانەی دەخوازن توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە مێژووی کورد بکەن ، هەروەها پێشنیارکرا ڕۆژی ژیانئاوایی شەریف پاشا (۱۲/۲۲) بکرێتە ڕۆژی دیپلۆماسیی کوردی و ساڵانە چالاکی جۆراوجۆر سازبکرێت، لە تەوەرێکی زۆر گرنگدا، جوامێر بەختیار مستەفا تیشکی خستە سەر هەندێ لایەنی شاراوەی ژیان و کەسێتی شەریف پاشا کە چەندین وێنەی بڵاونەکراوە و بەڵگەنامەی لە خۆگرتبوو، ئەوەی جێگای دڵخۆشیبوو، پەیکەری شەریف پاشای لە نێو مۆنیمێنی قەڵای کەتەنزاڕۆ داندرا.
 پێشانگای کتێب و شێوەکاری بۆ هونەرمەندان محەمەد فەتاح و ساڵح نەجار کرایەوە.
بۆ ئامادەکاری فێستیڤاڵ 13 کتێب چاپکراوە و سێ ڕۆژنامە بە ناوی جەنەڕاڵ شەریف پاشا بە زمانی کوردی، فەڕەنسی و ئیتاڵی چاپ و بڵاوکرایەوە.
لەو کارە مەزنەدا ناکرێت ڕۆڵی کاریگەری دکتۆر جاسم خۆشناو بە هەند وەنەگرین کە زۆرماندوو بووە بۆ سەرکەوتنی ئەو فێستیڤاڵە.
لە کۆتاییدا سوپاسی سەرۆک کۆماری عیراق، دکتۆر لەتیف ڕەشید و دکتۆر هاوڕێ دارۆ شێخ نوری، شوان قادر ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک و  ڕێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا و ڤاتیکان،  دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەکەین بۆ هاوکاری دارایی و پشتگیرییان بۆ سەرخستنی کارەکانی فێستیڤاڵ. هیوادارین پاش یەک ساڵ بێ ماندووبوون لە ئاست شکۆی جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان دا بووبین.

لیژنەی ئامادەکاری حەڤدەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان
21.نەورۆزی 2026