دۆناڵد ترەمپ: ناتۆ بە بێ ئەمریکا پڵنگێکی کارتۆنییە
بڵند
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا هێرشی کردە سەر هاوپەیمانی ناتۆ و بە ترسنۆک و "پڵنگێکی کارتۆنی" ناوی بردن، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەبێ ئەمریکا ئەو هاوپەیمانییە هیچ هێزێکی نییە.
لە پەیامێکیدا لە تروس سۆشیال، کە خۆی خاوەنداریتی دەکات، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گرتوە و دەڵێت؛ نەیانویستووە بەشداری شەڕی راگرتنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران بکەن، بەڵام ئێستا کە شەڕەکە لە رووی سەربازییەوە براوەتەوە، تەنها خەریکی گلەییکردنن لە بەرزیی نرخی نەوت.
ناوبرا جەختیشیکردوەتەوە، ئەو وڵاتانە ئامادە نین یارمەتیدەر بن لە کردنەوەی گەروی هورمز، کە هۆکاری سەرەکیی گرانیی نرخەکانە، لە کاتێکدا ئەو کارە تەنها مانۆڕێکی سادەی سەربازییە و سەرکێشییەکی کەمی تێدایە.
دۆناڵد ترمپ وڵاتانی ناتۆی بە ترسنۆک وەسفکردوە و دەڵێت؛ ئەو هەڵوێستەیان لەبیر ناکەین.


