بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات، هیواش دەخوازێت ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلی کورد.

قوبادا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرباری ئەو گرژی و نیگەرانییانەی سێبەریان بەسەر ناوچەکەماندا کێشاوە، جەژنی ئەمساڵ تایبەتمەندییەکی تری هەیە، کە ئاوێتەبوونییەتی لەگەڵ نەورۆزی کوردەواریدا، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزیی زیاتری نێوانمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دژوارە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا قوباد تاڵيبانی نوسیویەی؛ ئێمە ئەزموونی زۆر لەمە سەختترمان تێپەڕاندووە، بڕیاری گەلی کورد هەمیشە خۆڕاگری و مامەڵەی ژیرانە بووە.

لە کۆتایشدا دەڵێت؛  داواکارین لە خوای میهرەبان هێزمان پێ ببەخشێت تا وەک پێشینانمان، لەناو تەنگەژەکاندا روو لە ئایندە و پڕ لە هیوا بین؛ بۆ شادکردنی گیانی پاکی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجە رەواکانمان.