فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە تێیدا هۆشداری دەداتە تەواوی کەناڵەکانی راگەیاندنو داواین لێدەکات بەهۆی ئەو رەوشە ئەمنیی و هەستیارەی بە هەریمی کوردستان و ناوچەکدا تێدەپەرێت پابەند بن.

ئاماژەبەوەکراوە؛  بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی، کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات یاخود وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن.

هۆشداریشدراوە، هەر دەزگایەکی راگەیاندن پابەندی رێنماییەکان نەبێت یان ناپیشەییانە روماڵ نکات،  دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانـەوە روبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە. 

 

دەقی راگەیەنداروەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری


بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەم ڕێنمایی و هۆشدارییە کۆتاییانە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) دەکات: 
یەکەم: بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. 
دووەم: وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن. 
سێیەم: دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان قەدەغەیە. 
چوارەم: هۆشداری دەدەین کە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێکی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانـەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە. 
پێنجەم: بەرامبەر سەرپێچیکاران، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند دەگیرێتە بەر، کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٦. 

داوا لە سەرجەم میدیاکاران دەکەین، بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری