وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند بۆ هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کردوە، تا لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە نەوت هەناردە بکەن، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیکردەوە لەم کاتەدا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە پەیوەندییان بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی نەوت عیراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت، راگەیەندراویکی بڵاوکردەوە و تییدا هاتووە، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ  وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بە بڕی لە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە رێگەی بۆری نوتی هەرێمەوە بۆ  بەندەری جەیهان.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە،کە بەهۆی رەوشی هەستیاری ناوچەکە و وەستانی هەناردەی باشوور لە رێگەی گەروی هورمزەوە، داوایان لە هەرێم کردووە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باکوور، لەگەڵ 200 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێم هەناردە بکرێت، بەڵام هەرێم رەتیکردوتەوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق دەشڵێت؛ حکومەتی هەرێم چەند مەرجێکی داناوە،  کە پەیوەندییان بە پرۆسەی هەناردەکردنەوە نییە و داوا دەکات لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانە داراییەکان، هەناردەکردن دەستبەجێ دەستپێبکاتەوە و مەرجەکان بۆ کاتێکی تر جێبهێڵدرێن.