حکومەتی هەرێم ئیدانەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات دەکات لە هەولێر
١٤ی ئازاری ٢٠٢٦
حکومەتی هەرێم راگەیەندراویكی بڵاوکردوتەوە و تێیدا هاتوە، بە توندترین شێوە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەکەین، ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەو هێرشە تیرۆرستییەی دەکرێتە سەر هەرێم پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری خاکی هەرێمە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنورێک بۆ ئەو هێز و گروپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت، کە بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ خەڵکی هەرێم و عیراق.
ڕاگەیاندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە توندترین شێوە، هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان شەرمەزار دەکات.
ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیان، دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کەوتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/3/14


