وول ستریت جۆرناڵ: واشنتۆن پێنج هەزار سەربازی مارینز دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بڵند
١٣ی ئازاری ٢٠٢٦
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ، کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی بەستووە ئەمریکا هێزێکی دەریایی تایبەت و یەکەیەکی هەواڵگریی سەر بە هێزەکانی "مارینز" بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، رەزامەندی لەسەر داوایەکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی گروپێکی دەریایی و وشکاوەکی ئاست بەرز، کە لە چەندین کەشتی جەنگی و نزیکەی پێنج هەزار سەربازی مارینز پێکدێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشێک لەو هێز و کەرەستە جەنگییانە پێشتر گەیشتوونەتە ناوچەکە.
ئەم جوڵە سەربازییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە لوتکەدان و لە 28ی شوباتەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە، کە تێیدا هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نێوان لایەنەکاندا بەردەوامە و مەترسییەکانی ناسەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا زیاتر بووە.


