بیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا: گیانلەدەستدانی سەربازەکانمان تەنها ئیرادەمان بەهێزتر دەکات
بڵند
١٣ی ئازاری ٢٠٢٦
وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی خەریکی لەناوبردنی سوپای ئێرانە بە شێوازێکی "بێوێنە" و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا ئێران هیچ بەرگرییەکی ئاسمانی، هێزی دەریایی یان سەکۆی هاویشتنی موشەکی نەماوە، وتیشی کاردەکەن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت دوای لەناوبردنی مووشەکی نوێ دروست بکات.
بیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی کردەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکان بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکان ئامانجەکانیان دەپێکن و تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان تێکشکاندووە، بە جۆرێک کە تاران نەتوانێت مووشەکی نوێ دروست بکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە سەرکردەکانی ئێران لە ژێر زەویدا خۆیان حەشارداوە و رابەری باڵای ئەو وڵاتەش بەهۆی برینداربوونیەوە پەیامی نووسراو بڵاودەکاتەوە و خۆی دەرناکەوێت.
لە کۆتاییدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی لەسەر بەردەوامی هێرشەکان کردەوە و رایگەیاند کە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، ئامانجەکانیان کە لەناوبردنی تەواوی پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێرانە، بەدی دەهێنن.


