وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دەداتە لوبنان ئەگەر بێتو هێرشە موشەکییەکانی حزبوڵا رانەگرێت
ئیسرایل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر حکومەتەکەی رێگریی نەکات لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی حزبوڵا بۆسەر وڵاتەکەیان، ئەوا خۆیان رێگرییان لێدەکەن و دێنە ناو باشوری وڵاتەکەیانەوە.

وتیشی، دوێنێ حزبوڵا بەچڕی ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەیانی بۆردومان کردووە و سوپای ئیسرائیلیش بە بەهێزییەوە بەرپەچی ئەو هێرشانەی داوەتەوە و پێگەکانی گروپە چەکدارییەکەشی لە باشوری لوبنان بە ئامانج گرتووە. 

ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە هاووڵاتیانی لوبنان باشوری وڵاتەکە جێبهێڵن، تاکو لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، زیانیان بەرنەکەوێت.