وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، کە پڕۆسە سەربازییەکەیان بەرانبەر بە ئێران کاتی دەبێت و پێشبینی دەکرێت تەنها چەند هەفتەیەک بخایەنێت نەک چەند مانگێک

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند،  لە ئێستادا ناتوانین کەشتییەکان لە گەروی هورمز بپارێزین و جەختی لەوە کردەوە، کە تاکە بژاردە لە کۆتاییدا تێکشکاندنی تواناکانی ئێرانە بۆ کۆتایی پێهێنان بە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی ئاسایشی گەروە نێودەوڵەتییەکان.

ناوبراو  ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتودا کە گەروی هورمز دووبارە دەکرێتەوە و هێزەکانیان لەوێ دەبن بۆ لەناوبردنی هەڕەشە ئێرانییەکان.

سەبارەت بە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، ناوبراو ئاشکرای کرد، کە لە ئێستادا چاودێریکردنی کەشتییەکان لەلایەن کەشتییە جەنگییەکانەوە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام  ەب ئەگەری زۆرەوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هێزی دەریایی ئەمریکا دەست بەو کارە دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوت یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو پشێوییانەی لە بازاڕدا دروست دەبن، بەتایبەت بۆ هاوکاریکردنی بازاڕە ئاسیاییەکان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.