نەوزاد غەفور وەک جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق هەڵبژێردرا
١١ی ئازاری ٢٠٢٦
ئەمڕۆ لە شاری بەغداد، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق بەڕێوەچوو، کە تێیدا نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وەک جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق هەڵبژێر درا.
ئەم هەڵبژاردنە لە پرۆسەیەکی روون و ئاشکرادا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی، ئەمینداری ژوورە بازرگانییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها د. محمد شهاب لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پێشووی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی ماوەی رابردوو، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ دەستەی نوێی هەڵبژاردراو خستەڕوو.
پاشان پرۆسەی خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کرایەوە، کە تێیدا عامر خلف الفهداوی، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەنبار، کاندید بوونی خۆی راگەیاند و دوای دەنگدان، متمانەی ئەندامان بەدەستهێنا و وەک سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق هەڵبژێردرا.
دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە، دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی جێگر کرایەوە، کە لە یەکەم خولی هەڵبژاردنەکەدا نەوزاد غەفور دەنگی تەواوی بەدەستهێنا و بە رەسمی وەک جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق هەڵبژێردرا.
جێگەی ئاماژەیە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عیراق بە شێوەیەکی رێک و پێک و سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو.



