قوباد تاڵەبانی: شانازی بەسەركردە دێرینەكانمانەوە دەكەین
١١ی ئازاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، بە جیا سەردانی سێ سەركردە و تێكۆشەری دێرینی یەكێتی، بەڕێزان مولازم عومەر و عومەر فەتاح و عوسمانی حاجی مەحمودی كرد.
لە دوای سەردانەكە، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەوان هەمێشە شانازی بە سەركردەو تێكۆشەرە دێرینەكانەوە دەكەن، ئەو سەركردە و تێكۆشەرانەی كە پاڵەوانی رۆژانی سەخت و پڕمەترسی بوون و مێژووی نیوسەدەی رابردوو گەلەكەمان بەبێ باسكردنی رۆڵ و كاریگەری هەر یەكێكیان مێژوویەكی ناتەواوە.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەکرد، كە ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی هاوسەنگەر و هاوڕێی بە وەفای سەرۆك مام جەلال بوون و بۆچوون و ئامۆژگارییەكانیان هەمیشە پڕبایەخن و رێنیشاندەرن بۆ گرتنەبەری رێگەی دروست بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان، ئەو دەستكەوتانەی كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندووبوونی تێكۆشەرە دێرینەكانن.



