بە مەبەستی رێگریگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیارێکی نوێی لەبارەی دابەشکردنی غازی ماڵان دەرکرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەمڕۆ وەک هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، پرۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان لە رێگەی کارتی ئەلکترۆنییەوە دەستیپێکرد، لەم سیستمە نوێیەدا، هەر هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی مانگێکدا، دوو بوتڵ غاز بە نرخی رەسمی هەشت هەزار و500 دینار لە رێگەی بریکارە گەڕۆکەکانەوە وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمڕۆ لە چەند گەڕەکێکی هەولێر کار بەو سیستمە کراوە و لە رۆژانی داهاتووشدا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزا لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، رێکاری گونجاو دەگرنەبەر بۆ پەیڕەوکردنی هەمان سیستم، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و دابینکردنی غاز بۆ هەموو ماڵان بە یەکسانی.