کۆسرەت رەسوڵ عەلی: 35 ساڵ لەمەوبەر لە کەمترین کاتدا سەرجەم دامودەزگاکانی بەعس لە هەولێر کۆنتڕۆڵ کراون
١١ی ئازاری ٢٠٢٦
کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانم ئەوەیە 35 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئازادکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا و توانیمانلە کەمترین کاتدا هەولێر پاک بکەینەوە و سەرجەم دام و دەزگاکانی بەعس کۆنتڕۆڵ بکەین.
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی...
پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێر
(٣٥)ەمین ساڵیادی راپەڕین و ئازادکردنی هەولێر لە تەواوی کوردستانیان بەگشتی و خەڵکی تێکۆشەرو قارەمانی هەولێر پیرۆز دەکەم و هیواخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ گەلەکەمان و بیکەینە دەرفەتێک بۆ یەکڕیزی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان.
یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانمە، (٣٥) ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئازادکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا، هەر ئەوسا لە قاسمەڕەشەوە بەپلانێکی ورد، بە بەشداری رێکخستنە نهێنییەکان و شانەچەکدارەکان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی راپەڕیوی هەولێر بە بەشداری راستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەیشتینە هەولێرو شانبەشانی خەڵکەکەی خۆمان لە هەولێر توانیمان لە کەمترین کاتدا هەولێر پاک بکەینەوەو سەرجەم دام و دەزگاکانی بەعس کۆنتڕۆڵ بکەین، سەرکەوتووانە و سەربەرزانە پلانەکەمان جێبەجێ کردو لەبەردەم قەڵای دێرین و سەرکەشی هەولێر ئاهەنگی سەرکەوتنمان گێڕا.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو رۆژە مێژووییە دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی دژوار تێپەڕدەبێت، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی تێکۆشەران و پاراستنی ئەزموونەکەمان یەکدەنگ بن و بەرۆحی ئەوێ رۆژێی بەرەی کوردستانی کاربکەن بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان و درێژەدان بەخەبات تا گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەکانمان.
دووبارە یادی راپەڕین و ئازادکردنی هەولێر لە هەمووان پیرۆز دەکەم و سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دادەنوێنین.
کۆسرەت رەسول عەلی
١١ی ئازاری ٢٠٢٦



