سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكرایە سەر گوندی زڕگوێزەڵە لە سنوری سلێمانی و شەوی رابردووش زیاتر لە 13 هێرشی درۆنی بۆسەر پارێزگای هەولێر تێكشكێنران.

سەرچاوەیەك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكراوەتە سەر بارەگاكانی پێشووی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی شۆڕگێر لە گوندی زڕگوێزەڵەی سنوری شاری سلێمانی و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان هێرشەكە برینداری لێكەوتووەتەوە.

هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر باسی لەوەكرد، لە سەعات 10ی شەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، زیاتر لە 13 هێرشی درۆنی بۆسەر پارێزگای هەولێر ئەنجامدراوە، كە زۆرینەیان لە ئاسماندا تەقێنراونەتەوە و هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد، لە شەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نۆ جار هێرشی درۆنی كراوەتە سەر بنكەی سەربازی ڤیكتۆریای هێزەكانی ئەمریكا لە بەغداد.

میدیاكانی عیراقیش باس لەوەدەكەن، لە سنوری پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار بارەگاكانی حەشدی شەعبی بۆردومان كراون، سەرچاوەیەكیش بە میدیاكانی راگەیاندووە، تەنها لە هێرشەكەی ئەنباردا كەسێك گیانی لەدەستداوە و پێنجی تر بریندار بوون.