پۆلیسی سلێمانی باندێکی دزینی زێڕیان دەستگیرکرد و لەماوەی کەمتر لە 24 سەعاتیشدا دەست بەسەر زێڕە دزراوەکەدا گیرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە هاوکاری نوسینگەی رزگاری، سەرکەوتووبوون لە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار کە بڕێکی زۆر زێڕیان لە ماڵێک دزیبوو و دواتر فرۆشتبوویانەوە.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد، تیمەکانی لێکۆڵینەوە بە بڕیاری دادوەر دەستیان بە بەدواداچوون کرد. لە ماوەیەکی کەمدا توانرا تۆمەتباری سەرەکیی دزییەکە و تۆمەتباری دووەم کە ئەرکی فرۆشتنەوەی زێڕە دزراوەکانی لەئەستۆ بووە، دەستگیربکرێن.

پۆلیسی سلێمانی جەختیکردەوە، لەماوەی کەمتر لە 24 سەعاتدا توانیویانە دەست بەسەر تەواوی زێڕە دزراوەکان و ئەو بڕە پارەیەشدا بگرن کە لە فرۆشتنی زێڕەکە دەستکەوتبوو.

لە ئێستاشدا هەردوو تۆمەتبار (ش، هـ، ح) لەدایکبووی 1980 و (چ، أ، م) لەدایکبووی 1993، بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.