لە كۆی پێنج دەروازەی سنوریی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، لە ئێستادا سێ دەروازەیان كراونەتەوە و هاتوچۆی بازرگانیی دەستیپێكردووەتەوە.

یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژانە دەروازە سنورییەكانی ئێران بە رووی هەرێمی كوردستاندا دەكرێنەوە و لە ئێستادا لەكۆی پێنج دەروازە، دەروازەكانی باشماخ و سەیران بەن و شوشمێ كراوەن.

باسی لەوەشكردووە، رۆژانە لە رێگای دەروازەی باشماخەوە 500 بارهەڵگر دێنە ناو هەرێمی كوردستان و سەوزە و میوە و خواردن و خواردنەوەكان هاوردەی هەرێم دەكەن، ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژانە هاتوچۆی بازرگانی و هاوردەكردنی كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە.

یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم راشیگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا دەروازەكانی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانیش بكرێنەوە.