ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک دەدات بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی زیاتر بۆ سەر ئێران.

پڕۆژەبڕیارەکە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ململانێیە دەکات مەگەر ئەوەی کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە بدات. بەڵام هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێناوە و روون نییە کە سەرکەوتنی ئەم بڕیارە تا چەند گۆڕانکاری لە جەنگەکەدا دەکات.

دیموکراتەکان پێیان وایە کە ترەمپ کۆنگرێسی پەراوێز خستووە و پاساوی گۆڕاوی بۆ جەنگەکە هێناوەتەوە. لە بەرامبەردا، زۆربەی کۆمارییەکان دەڵێن رێگری لە بڕیارەکە دەکەن، بەڵام رەنگە هەڵوێستیان بگۆڕن ئەگەر جەنگەکە فراوانتر بێت.

ئەم دەنگدانە پێنج رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد، و ئێرانیش لە بەرامبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو. لەو کاتەوە، بەشێک لە یاسادانەران لە دڵەڕاوکێدان و چاوەڕێن بزانن چ رۆڵێکیان دەبێت لەم هێرشانەی کە بەردەوامن.

لەم بارەیەوە، سیناتۆر تیم کەین، نوێنەری دیموکراتەکان لە ڤێرجینیا کە سپۆنسەری پڕۆژەیاساکەیە، رایگەیاند: "پێویستە هەموو سیناتۆرێک بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت کە ئایا لە بەرژەوەندیماندایە کوڕ و کچەکانمان بنێرینە ناو ململانێیەکەوە دژی ئێران". هەروەها وتی: "نزادەکەم هاوپیشەکانم دەنگ بدەن بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە مەترسیدار و بێپێویستە کە تا ئێستا بووەتە هۆی لەدەستدانی شەش سەرباز و برینداربوونی چەندانی دیکە".