ئیدارەی خۆسەر  لەسەر رەوشی کۆبانێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوەو هۆشداریدەدات کارەساتەکە گەورەیە و مەترسی لەسەر ژیانی سەدان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی هەیە، ئاماژەیان بەوەکردوە، کۆبانی تەنیا شارێک نییە؛ هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە  و کردنە ئامانج لە ئێستادا هێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئیرادەی گەلانی ئازاد   ئەو ئەزمونە دیموکراسییە کە هەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستەی گەلی کورد و رای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکەن، لەژێر رۆشنایی ئەو گەمارۆ خنکێنەرەی، کە بەسەر شاری کۆبانیدا سەپێنراوە رەوشەکەی گەیاندووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی راستەقینە، کە مەترسی لەسەر ژیانی سەدان هەزار کەسی مەدەنی هەیە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، کۆبانێ تەنیا شارێک نییە؛ هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە و ناوەکەی لە یادەوەری سورییەکان و جیهان بەگشتی چەسپاوە بەهۆی ئەو قوربانییە بێئەندازەی، کە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا داویەتی بۆ بەرگریکردنی لە مرۆڤایەتی، هەروەها کۆبانی یەکەم هێڵی بەرگری بوو بۆ بەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، ئەمرۆ کە کراوەتە ئامانج و  گەماۆ دراوە هێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئیرادەی گەلانی ئازاد و ئەو ئەزمونە  دیموکراسییەی هەیە لە سوریادا.

ئیدارەی خۆسەر، دەشڵیت؛ لە بەرانبەر ئەم رەوشە کارەساتبارەدا، جەخت لەسەر ئەوپەڕی پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا دەکەنەوە، کردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکان، دابینکردنی چارەسەر بۆ بریندارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوانی گەمارۆدراو، بەبێ هیچ سنووردارکردن و مەرجێک.

داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان دەکەن لێپرسینەوە لە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان بکەن، دەستبەجێ و بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی هێرشەکانی سەر ناوچە کوردیەکان، کە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئارامی مەدەنی دەکەن و ئازارە مرۆییەکانی ناوچەکە گەورەتر دەکەن.