بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی راپەڕین، نوێترین ئاماری بارانبارینی لە سنوری ئیدارە سەربەخۆکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ تا بەرواری 26ـی کانوونی دووەمی 2026، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە سەرجەم ناوچەکاندا زیادیکردووە.

بەپێی ئەو خشتەیەی کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە، لە 10 ناوچەی سنورەکە کە پێوانەی بارانبارینیان تێدا کراوە، سەرجەمیان جیاوازییەکی ئەرێنییان (+) تۆمارکردووە بەراورد بە ساڵی پار. زۆرترین جیاوازی لە حاجی ئاوا تۆمارکراوە کە ئەمساڵ 493.6+ ملم زیاتر باریوە.

لە کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵدا، قەزای قەڵادزێ بە 642 ملم زۆرترین بارانی لێباریوە و بە دوایدا حاجی ئاوا بە 615.1 ملم و رێنمایی کشتوکاڵی چوارقوڕنە بە 594.9 ملم دێن.

لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، زۆرترین رێژەی باران لە رێنمایی کشتوکاڵی چوارقوڕنە و قەڵادزێ تۆمارکراوە کە بە رێککەوت 17.5 ملم و 16.5 ملم بووە.

ئەم زیادبونە لە رێژەی بارانبارین کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، بەنداوی دوکان و پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کە ساڵانی رابردوو سنورەکە بەدەست کەمبارانی و وشکەساڵییەوە دەیناڵاند.