بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری سیاسەتمەدار و کەسایەتی کۆمەڵایەتی شێخ محەمەد شاکەلی دەکات و دەڵێت:  کاک شێخ محەمەد شاکەلی سەرکردە و تێکۆشەرێکی بەوەفاو نیشتمانپەروەری یەکێتی و گەلەکەمان بوو.

دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی یەکێتی

لەدڵەوە نیگەران بووم بە کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و کەسایەتی کۆمەڵایەتی  و ڕۆشنبیری کوردستان و گەرمیان کاک (شێخ محەمەد شاکەلی) ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکارو بنەماڵە سەربەرزو تێکۆشەرەکەیان و خزمانی شاکەلی دەکەین کە رۆڵیان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی و چاکەی گشتیدا دیارو بەرچاو بووە.

 کاک شێخ محەمەد شاکەلی سەرکردەو  تێکۆشەرێکی بەوەفاو نیشتمانپەروەری یەکێتی و گەلەکەمان بوو، کە لەهەموو ئەرکە حزبی و حکومی و بەرپرسیارێتییەکانیدا دڵسۆزو بەوەفا و بە ئەمەک بوو هەر ئەمە وایکرد ببێتە یەکێک لە دۆست و خۆشەویستەکانی مام، بۆ ئەم ماتەمەش  هاوخەمی خانەوادە سەربەرزەکەیانم و لە خوای گەورە داواکارم گیانی هەڤاڵی کۆچکردوومان بەبەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.