لە ساڵی 2016وە تا کۆتایی 2025 لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسکی نەخۆشخانەی هیوا 484 نەخۆش چاندنەوەیان بۆ ئەنجامدراوە.

نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ئامارێکی سەبارەت بە چاندنی مۆخ لە نەخۆشخانەکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای ساڵی 2016 تا کۆتای سالی 2025 کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی کە چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجامدراوە بریتیە لە (484) نەخۆش لە هەردوو جۆری چاندن، کە بریتین لە (293) جۆری یەکەم(Autologous) واتە خۆوەخواز، هەروەها (191) جۆری دووەم (Allogenic) واتە لە نزیکترین کەسی خێزانەکەی مۆخەکەی وەردەگیرێت وکاری چاندنەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت.

نەخۆشخانەی هیوا راشیگەیاند، سەرەرای بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان کاری چاندنی مۆخ لە سلێمانی ببێ بەرانبەر بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا کاری چاندنی مۆخ لە دەرەوی ووڵات بۆ یەک نەخۆش بڕی 77 ملیۆن دینار تێچووەکەی دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم سەنتەرە لەلایەن تیمێکی وڵاتی ئیتاڵیا سەرپەرشتی دامەزراندن و وەرگرتنی نەخۆشیان دەکرد، پاشان لەلایەن پزیشکانی پسپۆرانی نەخۆشیەکانی خوێن و پسپۆریە جیاوازەکان کاری چاندنی مۆخ ئەنجامدرا.

نەخۆشخانەی هیوا ئاشکرایکرد، وەک تاکە سەنتەری هەرێمی کوردستان و عیراق چاندنی مۆخی ئێسک لەم سەنتەرە بێ بەرانبەر ئەنجامدەدرێت لە زاخۆ و تا بەسرە.

بەپێی ئامارەکەی نەخۆشخانەی هیوا ژمارەی نەخۆشەکان دابەشبوون بەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی تری عیراق...

سلێمانی: 222 نەخۆش

هەولێر: 129 نەخۆش

دهۆک: 22 نەخۆش

هەڵەبجە: 9 نەخۆش

زاخۆ: 7 نەخۆش

شارەکانی دیکەی عیراق: 95 نەخۆش