قوباد تاڵەبانی: ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن
بڵند
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
لەسەر پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تەنها ئەوەندە بەسە بیریان بێت سەردەمێک پشتی رژێمی بەعسیان گرت لە دژی کورد،بەڵام کوردمایەوە و بەعس بە دنیایەک کارەسات و تاوانەوە رۆیشت.
قوباد تاڵەبانی نوسیویشیەتی؛ بیری هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی جیهانی دەخەینەوە، کە ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان، هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری کرد و گەلانی سوریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست.
لە کۆتای پەیامەکەشیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت؛ شانازی بەو هەستی هاوپەیوەندی و هاوسۆزییەی هەموو کوردەوە دەکەین و ئەمەش تەنها گەرەنتیی بوون و مانمانە و بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژئاوا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و ئاڵۆزە و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی.



