ئیلهام ئەحمەد: چەکدارەکانی سوریا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی زیندانى ئەلقەتان
بڵند
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، لە ئێستادا سەرەڕای راگرتنی شەڕ، زیندانى ئەلقەتان لە رەقە کە دوو هەزار ئەندامی داعشی تێدایە، لەژێر بۆردومانی چڕدایە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرپرسیارن لە ئاسایش و سەلامەتی ئەو گروپەی پاسەوانی زیندانەکە دەکەن.
داواش لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و ئەو کەسانە بپارێزن، کە لە رابردودا تەنیشتیان وەستاون و شەڕی تیرۆریان کردووە.
ناوەندی راگەیاندنی سوریای دیموکراتیش لای خۆیەوە رایگەیاند ناوچەی زەلکان و زیندانى ئەلقەتان لەلایەن چەکدارەکانی سوریاوە بۆردومان دەکرێت و بەهۆیەوە بریندار هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەگری سوریا رایگەیاند، لە سەعاتی هەشتی ئەمشەوەوە ئاگربەستیان راگەیاندوە بۆ ماوەی چوار رۆژ و هەسەدەش لە راگەیەندراوێکدا پابەندبونی خۆی بە ئاگربەست راگەیاند.



