دژەتیرۆری رۆژئاوای كوردستان ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەكانی دژەتیرۆری سلێمانی دەكات
سەعید
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دژەتیرۆری رۆژئاوای كوردستان ستایشی هەڵوێستی نیشتمانیی دژەتیرۆری سلێمانی دەكات.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر بڵاویكردەوە، یەكینەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا رایگەیاندووە، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان ئاڕاستەی هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی دەكەن و ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەكانی ئەو هێزە دەكەن لە پشتگیریكردنی رۆژئاوای كوردستان.
دژەتیرۆری رۆژئاوا ئاماژەی بەوەش كردووە، هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی هەمیشە لە سەختترین و دژوارترین رەوشەكاندا وەك هێزێكی پشتیوان لە تەنیشت یەكینەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا وەستاون، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو هێزەكەش زۆر پتەوە.
وتیشی، هاتنی ئێستای هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی بۆ ناوچەكە، بە مەبەستی بەهێزكردنی بەرگرییەكان و پاراستنی گەلی رۆژئاوای كوردستانە لەو هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەم هەڵوێستەی دژەتیرۆری سلێمانی لە كاتێكدایە، ناوچەكە بە رەوشێكی ئەمنی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی دژەتیرۆر لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەك.






