شاناز ئیبراهیم ئەحمەد راگەیەندراوێکی سەبارەت بە رەوشی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە
سام
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە رەوشی رۆژئاوای کوردستان و سوریا بڵاوکردەوە و تێیداهاتووە، "لەکاتێکدا داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەم، کە بکەونە خۆ و فشار بکەن بۆ ئاگربەست و ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، هۆشداریشیان پێ دەدەم، کە ئەمە لێکەوتەی مرۆیی و سیاسیی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە".
دەقی پەیامەکەی خانمی یەکەمی عیراق
بانگەوازی مرۆیی
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی جەرگبڕ و پڕئازار لەبارەی گەلی کوردەوە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاڤا)وە دەبیستین، کە هاوڵاتییانی مەدەنی لە ژن و پیاو و منداڵ ڕووبەڕووی شاڵاوێکی دڕندانە دەبنەوە، ئەمەیش بە هۆی ئەو هەڵمەتە دڕندانەوەیە، کە چەند گروپێکی ناو سوپای سووریا و جیهادییەکان و داعشە ئازادکراوەکانی دوێنێی زیندانی شەدادی و زیندانەکانی تر، بەرپایان کردووە و شەپۆلێکی تری ئاوارەبوونی هاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لەکاتێکدا داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەم، کە بکەونە خۆ و فشار بکەن بۆ ئاگربەست و ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، هۆشداریشیان پێ دەدەم، کە ئەمە لێکەوتەی مرۆیی و سیاسیی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە.
هەموو کۆمەڵگەیەک بە جیاوازی نەژاد و ئایین و ڕەچەڵەکییەوە، مافی یەکسانیی ژیان و ئازادی و ئارامی هەیە.
بە داخی زۆرەوە، لە گەلێک میدیا و سەرچاوەوە، قێزەونترین ڕەفتاری نامرۆڤانەی ئەو هێزانە دەبینین، کە گوایە نوێنەرایەتیی سوپای سووریا دەکەن، بەرامبەر ئەو خەڵکە بێتاوانەی، کە ١٤ ساڵە لەگەڵ جەنگ و کۆچدا دەژین.
بەرپرسیارێتیی هەموو ڕووداوەکانی سووریا لە ئەستۆی ئەو وڵاتانە دایە، کە لە نێوەندگیریی ڕێکەوتنی نێوان بەڕێزان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدیدا بوون، وادیارە ئەم ڕێکەوتنەیش جێبەجێ نەکرا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
خانمی یەکەمی عێراق
٢٠/١/٢٢٦



