فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی گەل دەڵێت: رۆژئاوای کوردستان بەرخۆدانی بێوێنەیان کردووە، لە ئێستاشدا بەتەنها جێیان ناهێڵین باجەکەی هەر شتێک بێت.

موراد قەرەیلان فەرماندەی گشتی هێزەکانی گشتی پاراستنی گەل 'هەپەگە' رایگەیاند، بەرخۆدانی رۆژئاوا زۆر شتی فێری ئێمە کرد و بە رۆحی خۆیان بەرخۆدانیان کردووە، لەئێستاشدا بەتەنها جێیان ناهێڵین باجەکەی هەرشتێک بێت.

وتیشی، ئەوەی پێویست بكات وەك گەلی كورد بۆ پاراستنی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامی دەدەن، دەشڵێت، پەلامارەكان تەنها دژی رۆژئاوا نین، بەڵكو دژی هەموو گەلی كوردە و داوا لە هەموو گەلی كوردیش دەكات بەرخوردان بكەن.

قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی پێویست بكات وەك گەلی كورد و تەڤگەری ئازادی بۆ پاراستنی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد،، وەك دەردەكەوێت لە دیزاینكردنەوەی ناوچەكەدا نایانەوێت گەلی كورد جێگە و پێگەی هەبێت. نایانەوێت گەلی كورد ببێتە خاوەن ئیرادە خۆی.

 

دەقی پەیامەکەی موراد قەرەیلان ....

 

"سەرەتا بە ڕێز و حورمەت سڵاوتان لێدەکەم. دیارە ئێمە وەک گەل بە قۆناغێکی مێژوویی دادەپەڕین. ئەوەتا لە حەلەبەوە هەتا حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ هەیە. ئێمە تەواوی شەهیدە قاڕەمانەکانی ئەم شەڕە لە کەسایەتی فەرماندەی بەڕێز زیاد حەلەب و دەنیز چیادا بە ڕێز و حورمەتەوە یادیان دەکەینەوە. ئەم هێرشانەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان تەنها هێرش نییە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو بۆ سەر تەواوی کوردستانە.

دیارە لە نوێ داڕشتنەوەی ناوچەکەدا نایانەوێت گەلی کورد جێی ببێتەوە. نایانەوێت گەلی کورد ببێتە خاوەن ئیرادە و خاوەن پێگە. سبەینێ لە کاتێکی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستانیش؛ ئەو پێگەیەی ئەوانیش ببێتە ئامانج. خۆیان دەیانەوێت بەو شێوەیە پێگەی باشوور تەنیا بهێڵنەوە و دواتر بیکەنە ئامانج.

ئەم هێرشە لە هەمان کاتدا بۆ تێکدانی ئەو پرۆسەیەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە باکووری کوردستان ڕێکی خستووە. ئەم هێرشە بەم شێوەیە ئەو پرۆسەیەی لە باکووری کوردستان هەیە بێمانا دەکات. بەم شێوەیە دەبێت ئێمە ئەم هێرشە وەک هێرش بۆ سەر داهاتووی گەلی کورد ببینین.

ئەمە وەک پیلانێک ئامادە کراوە. هەم هێزە نێودەوڵەتییەکان و هەم هێزە هەرێمییەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەمەدا بینیوەتەوە. بۆیە ڕەزامەندییان داوە. بەو شێوەیە ئەم پیلانە دەڕوات بەڕێوە.

بێگومان لەمەدا دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. ئێمە دەیبینین و دەیزانین. بە تەکنیکەکەی خۆی، بە فڕۆکە سیخوڕییەکانی خۆی، ڕاستەوخۆ تێوەگلانی سەربازەکانی خۆی لەژێر ناوی چەتەکاندا ئەمە بە ئاشکرا دەردەخات. ئێستا دەبێت بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا ئەوە بزانن؛ ئێمە منداڵ نین. تۆ لە باکووری کوردستان دەڵێی 'برایەتی گەلانی کورد و تورک و عەرەب، وەرن ئاشتی ناوخۆیی دروست بکەین'، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکەیتە ئامانج. بە دەستی چەتەکان کۆمەڵکوژی دەسەپێنیت. کەس بەمە ناخەڵەتێت. ئەمە شتێکی ئاشکرایە.

لەژێر چەتری هێزە نێودەوڵەتییەکاندا هاوپەیمانی دەوڵەتی تورک و هەدەشە و داعش ئێستا لە کردەوەدا هێرش دەکەن. لەناو ئەوانەی کە هێرش دەکەن داعش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. ئەو هەڵوێستەی کە ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نیشانی دەدات یان ڕێگە خۆش دەکەن بۆ ئەم هێرشانە بەتایبەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (DYE)، بۆ بەریتانیا، بۆ ئەڵمانیا و فەرەنسا ئەمە دەبێتە ڕووشکێنییەکی گەورە. لە مێژوودا دەمێنێتەوە. ئەی گەلی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان نەکردە قەڵغان لەبەردەم هێرشەکانی داعش. هەموو مرۆڤایەتییان پاراست. پایتەختی داعشیان ڕووخاند. 13 هەزار شەهیدیاندا. ئێوەش دەتانوت ئێمە هاوپەیمانی یەکترین. باشە ئێوە چۆن ڕێگە دەدەن ئەو هاوپەیمانییەتە بە هێرشێکی ئاوا ڕوو بە ڕوو ببێتەوە؟ ئەگەر ئەمە بێوەفایی نەبێت، ئەی چییە؟ ئەمە بێوەفاییەکی گەورەیە. نە گەلی کورد و نە ویژدانی مرۆڤایەتی ئەم بێوەفاییە لەبیر ناکات. بەو شێوەیە تۆ لەگەڵ هێزێک، گەلێکدا بجوڵێیت و لە دژی هێزێک شەڕ بکەیت و دواتریش خۆت بدەیتە پاڵ، بیکەیتە ئامانج. ئەمە لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا برینێک دەکاتەوە. ئەو برینە بە ئاسانی ساڕێژ نابێت. دەبێت ئەو دەوڵەتانە ئەم ڕاستییە بزانن.

ئێستا من لە ڕاگەیاندنەکان گوێم لێبوو. فەرماندەیەک لە هەسەدە بە ناوی خۆی چیا، بۆ تەلەفزیۆنێک دوا و وتی، ئێمە کۆمەڵێک هاوڕێ لەبەردەم زیندانێکدا پاسەوانی دەکەین. وتی، 'لە زیندانی ئەقداری ڕەقەدا زیاتر لە 2 هەزار چەتە لە هەموو وڵاتێک هەن. ئێمە ڕێگە نادەین ئەوان هەڵبێن. بەڵام چەتەکانی هەدەشە و داعش دەورمان گرتووە و دەیانەوێت ئەوان ئازاد بکەن. ئێمەش ڕێگە نادەین و ئێمە لە گەمارۆداین. ئێمە شەڕ دەکەین و ئێمە داوای هاوکاریمان لە هاوپەیمانان کردووە، بەڵام ئەوان 2 ڕۆژە وەڵامی ئێمە نادەنەوە'. ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت؟ دەبێت هەموو کەسێک لەمە ئەنجام وەربگرێت. دیارە ئەو دەوڵەتانە لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەڕوانن. بەڵێن، پەیمان شتی وا بوونی نییە. واتە کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە بە شتێکی ئاسایی نیشان بدات. لەسەر گەلەکەمان پیلانێک هەیە. بەو شێوەیە دەڕوات بەڕێوە. بێگومان دەبێت پێش هەموو کەسێک گەلەکەمان، گەلی کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان ئەم دۆخە ببینن. بەو شێوەیە هەستنەوەی بەرامبەر.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیک ئەم پرۆسەیەی وەک سەفەربەری ڕاگەیاند. دواتر لێدوان درا. ئەم سەفەربەرییە بۆ تەواوی کوردستانە. دەبێت تەواوی گەلەکەمان خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن. گەنجانی کورد دەبێت ڕۆڵ بگێڕن. ئەوانەی دەتوانن خۆیان بگەیەنن دەبێت خۆیان بگەیەنن. وامان بیستووە خۆیان لە باشوور هەندێک کەوتوونەتە ڕێ. ڕاگەیاندنەکان ئاوا دەیانوت. بەڵام ئەم بانگەوازە بۆ هەموو کەسێکە. واتە دەبێت ئێمە بەو کردارانەی خۆمان واتە کوردانی هەر چوار پارچە، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات ڕۆڵی ئەوان گرنگترە. کوردانی دەرەوەی وڵات، ئەوانەی لە ئەمریکا، ئەوانەی لە ڕووسیا و ئەوروپا دەبێت ئێمە نیشانی هەموو دنیای بدەین کە ئێمە نەتەوەیەکین. ئێمە یەکین. ئێوە ناتوانن ئێمە فەرامۆش بکەن. ئێمە لەسەر خاکی باو و باپیرانمان بە هەزاران ساڵە لێرە دەژین. ئێوە ناتوانن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆتان ئەمە بە هیچ بزانن. بەم چالاکبوونەوە خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک نەتەوە دەبێت ڕابگەیەنن.

گەلی ئێمەی ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی ئێمەی خۆشەویست؛ ئێوە نیشتمان پەروەریتان بە بەرخۆدانی خۆتان ئێمەی فێری زۆر شت کرد. بە ڕۆحی خۆتان کە نەتەوەیین لەم واتایەدا ئێمە قەرزداری ئێوەین. دەبێت ئەوە بزانن ئێمە ئێوە بە تەنیا جێناهێڵین. با نرخەکەی هەرچی بێت، ئێمە ئێوە بە تەنیا جێناهێڵین! لەم بارەیەوە وەک تەواوی گەلی کورد ئێمەش وەک بزووتنەوە هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین. ئێوە تەنیا نین. بەڵام دەبێت ئێوە باوەڕتان بە خۆتان هەبێت. باوەڕتان بە شەڕڤانەکانتان هەبێت. دەبێت ئێوە خۆتان ڕێک بخەن. پێویست ناکات زۆر بە پەلە بێت. واتە دەبێت ئێوە خوێن سارد بن. ڕێکخستنی بن، ڕێگا و ڕێبازەکانتان دەبێت لە جێی خۆیدا بن. بەم شێوەیە ئێوە دەتوانن وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێک بدەنەوە.

شەڕڤانانی هەسەدەی بەڕێز ئێمە چاودێری دەکەین چواردە ڕۆژە بەرخۆدانی قاڕەمانانە پێش دەخەن. بەڵام پیلان گەورەیە. هێرشەکان گەورەن. جارێکی تر بەرخۆدان هەیە. وەڵامدانەوە هەیە. ئەزموونی ئەوان هەیە کە هێشتا زیاتر بتوانن بەرخۆدان بەرز بکەنەوە. ئەو هەڵوێستەی کە ڕاگەیەندراوە، بەتایبەتی ئەم ڕۆژانەی دوایی فەرماندەیی هەسەدە لێدوانی دا، ئەو هەڵوێستەی کە ڕایگەیاند دیاری دەکات کە بڕیار مسۆگەرە. ئەو هێزە دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی و کۆمەڵگەی خۆی بکات.

چۆن لە کۆبانێ لە ئاستێکی هەرە بەرزدا بەرخۆدانیان کرد، لە کۆبانێدا ماڵ بە ماڵ شەڕیان کرد، ئێمە باوەڕ دەکەین لەسەر بناغەی ئەو ئەزموونەی کە ساڵانە بەدەست هاتووە هێزی یەپەگە، یەپەژە و هەسەدە ئێستا بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجام دەدەن. بەڵام فەرماندەی بەڕێز، شەڕڤانی بەڕێز دەبێت ڕێبازەکانی تونێل بە باشی بەکار بهێنن. بەپێی ئەوەی ئێمە دەیزانین تونێل هەیە. ڕێبازەکانی تونێل لە سەردەمی ئێمەدا ڕێبازێکە لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرش و تەکنەلۆژیایەک وەڵامە. لە پسپۆڕیی شەڕدا ئەگەر ئەمانە بەکار بهێنن و جارێکی تر گەلەکەمان ئێستا دەرکەوتووەتە سەر شەقامەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەو شێوەیە لەگەڵ گەل و شەڕڤانەکانیاندا لەم شێوازە وەستان و بەرخۆدان و بە پشتگیری تەواوی گەلی کوردستان هێرش چۆن دەبێت با ببێت دڵنیاین سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان دەبێت. ئێمە بەمە باوەڕ دەکەین. دەبێت گەلەکەشمان هەتا کۆتایی بەمە باوەڕی هەبێت. ئەم هەوڵەی دەدرێت، ئەم ئازایەتی و قاڕەمانێتییە دڵنیاین ئەنجامی خۆی دەبێت. من لە ئێستاوە بۆ هەموو گەلەکەم کە دڵ و گیانیان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانە سەرکەوتن دەخوازم. هەموو کەسێک جارێکی تر بە ڕێز و حورمەتەوە سڵاو دەکەم."