هاتوچۆی هەولێر: لەمساڵدا بە جۆرێکی جیاواز سزای سەرپێچیکاران دەدەین
محەمەد رزگار
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
هاتوچۆی هەولێر ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە، لەمساڵدا بەشێوەیەکی جیاواز سزای سەرپێچیکاران دەدەن و داواش دەکات پاپەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ ببن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی رابردوو بە هۆی تەواوبوونی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەکانیان، روداوەکانی هاتوچۆ بە مردن و برینداربوون کەم بۆوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێناوی پاراستنی زیاتری گیانی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی هەموو بەکارهێنەرانی شەقام و پاراستنی سەروەری یاسا بەسەر هەمووان، ئاگاداری شوفێران دەکەنەوە کە تیمەکانیان لە ترافیکلایتەکان، لە بازگە و مەفرەزەکان، هەروەها لە ناو ئۆتۆمبێلەکانی هاتوچۆ (بە هەردوو جۆری تابلۆی میری و تابلۆی شارستانیی)ەوە بە بەرنامەیەکی نوێ بۆ ساڵی 2026 دەست دەکەن بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن.
هاتوچۆی هەولێر ئەوەی خستەڕوو ئەم جۆرە سەرپێچیکارانە سزا دەدات..
- ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ، یان تابلۆی ساختە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شوفێری رووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە.
- بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی، لە ناو شار و لە دەرەوەی شار، رووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە. بۆیە خۆتان ڕابهێنن کە لەگەڵ داگیرساندنی ئۆتۆمبێل، پشتێنی سەلامەتی ببەستن، ئەمەش بۆ سەلامەتی خۆتانە.
- جام رەشکردن بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی نەشرە و فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز، دەستی بەسەردا دەگیرێ و سزای دارایی دەدرێت.
- شوفێری کردن بێ مۆڵەت رووبەرووی دادگا و یاسا دەکرێتەوە.
- ماتۆرسواری دیلیڤەری و هەر جۆرە ماتۆرێکی دیکە پێویستە هەردوو تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوە بێت و بە فەرمی تۆمار کرا بێت، بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- ماتۆرسوار دەبێ مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت و کڵاو و پێداویستی سەلامەتی لەسەر بێت، بە پێچەوانەوە سزای داریی دەکرێت.
هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاند، شوفێر پێویستە ئاگادار بێت کە هەموو کات لەژێر چاودێری تیمەکانی هاتوچۆیە، تیمەکانیان ئۆتۆمبێلی مەدەنی ( تابلۆ شارستانی) لە پاڵ ئۆتۆمبێلی میری بەکار دەهێنن بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان و پەیڕەوکردنی یاساکان، چونکە شەقامەکان فەزای گشتین و موڵکی هەموو خەڵکن، نابێ کەس بە سەرپێچیکردن پێشێلی یاسا و مافی هاووڵاتیانی دیکە بکات.



