دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هەواڵگریی عیراق، توانیویانە سەرکردەی باندێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەستگیر بکەن کە سەر بە تۆڕی "فۆکسترۆت"ـە و فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی هەبووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، پاش کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوون لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق، توانراوە ئەو سەرکردەیە دەستگیر بکرێت.

دەزگای ئاسایش روونیکردووەتەوە، ئەو تۆڕە کە بە "فۆکسترۆت" ناسراون، باندێکی مەترسیداری نێودەوڵەتین و تێوەگلاون لە ئەنجامدانی چەندین تاوان لە وڵاتانی جیهاندا، پلانیشیان هەبووە خاکی عیراق بۆ جێبەجێکردنی مەرامە تاوانکارییەکانیان بەکاربهێنن.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیە و ئەندامانی دیکەی باندەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بووە کە لە یەک کاتدا لە چەند پارێزگایەکی جیاواز ئەنجامدراوە.