بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و دابەزینی پلەکانی گەرما و ئەگەری دروستبوونی شەختە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزاکانی پێنجوێن و دوکان، سبەینێ چوارشەممە کرایە پشووی رەسمی لە ناوەندەکانی خوێندن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای وەرگرتنی راپۆرتی کەشناسی سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی مامۆستایان و خوێندکاران، بڕیاردراوە سبەینێ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان و پەیمانگاکانی سنوورەکە بکرێتە پشوو.

لای خۆیەوە، عەدنان کاکەڕەش، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کەشوهەوا و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران، بڕیاریانداوە رۆژی چوارشەممە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای پێنجوێن پشووی رەسمی بێت.

هاوکات، لە قەزای دوکانیش بە هەمان هۆکار و بەهۆی شەپۆلی سەرما و بەفرەوە، بڕیاردرا سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشوو بێت.