رۆژی پێنجشەممە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت
راهۆز
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پارەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتەکە و رۆژی پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 12ـی ساڵی رابردوو خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان، رۆژی پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، لەم مانگەدا زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن و ئەوانەی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکەوە وەریدەگرن.



