یەکێتی پیاوانی کوردستان: لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 600 توندوتیژی بەرانبەر بە پیاوان تۆمار کراوە
بڵند
١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
یەکێتی پیاوانی کوردستان، ئاماری توندوتیژییەکانی بەرانبەر بە پیاوان بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی ئامارەکە 611 حاڵەتی توندوتیژی جۆراو جۆر تۆمارکراوە و لەو ساڵەشدا 73 حاڵەتی کوشتن تۆمارکراوە.
بورهان عەلى، سەرۆکى یەکێتى پیاوانى کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی کوردسات نیوزدا ئاماری توندوتیژییەکان بەرانبەر بە پیاوان خستەڕوو.
ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی لیژنەی بەدواداچون و تۆمارکردنی کەیسەکانیان لە رێکخراوی یەکێتی پیاوانی کودستان، کە لە(1ـی1ـی 2025) بۆ (31ـی12ـی2025) تۆماریان کردوە ژمارەی ئەو کەیس و سکاڵایانە پیاوان تۆماریان کردوە بەرانبەر بە رەگەز مێ 611 حاڵەتە و جۆری حاڵەتەکانیش جیاوازە .
لەو ئامارەدا، 73 کەیسیان بریتییە لە حاڵەتی کوشتن، کە 19 یان لەلایەن ژنەوە بووە، بە هاوکاری کەسی تر و 53 حاڵەتی دەرکردنی پیاویش هەبووە لە ماڵ و 35 حاڵەتی خیانەتی هاوسەریش تۆمارکراوە.
بەگوێرەی داتاکانی یەکێتی پیاوانی کوردستان، جۆری سکاڵاو توندوتیژییەکان جیاوازن و دەرکردنی پیاوی بەتەمەن 53 حاڵەت و خیانەتی هاوسەریش 35 حاڵەتە، تەداخولی کەسوکار 241 حاڵەت و فشاری دەرونی توندوتیژی سێکسیش نۆ حاڵەت تۆمارکراوە.
هەروەها ناوزڕاندن 13 حاڵەت و دەستبەسەرداگرتنی موچەش 13 حاڵەتە و یەکێتی پیاوان 214 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی منداڵ یان بێبەشکردنی باوک لە بینینی منداڵیان تۆمار کردوە.



