مەزڵوم كۆبانێ: بەنێوەندگیری وڵاتانی نێودەوڵەتی، لە حەلەب گەیشتوینەتە رێککەوتن
بڵند
١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاند، لە رێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرش و پێشێلکارییەکانی دژی گەلەکەیان لە حەلەب، گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێک، کە دەبێتە هۆی ئاگربەست و گواستنەوەی شەهیدان، بریندارەکان، هاووڵاتیانی مەدەنی گیریخواردوو و شەڕڤانان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودەوە بەرەو باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات" هەسەدە" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوەو رایگەیاندوە؛ بە نێوەدنگیری واتانی نێودەوڵەتی گەیشتون بە رێککەوتن.
كۆبانێ، داواشی لە وڵاتانی نێوەندگیری كردوە پابەندی بەڵێنەكانیان بن بۆ وەستاندنی پێشێلكارییەكان و كاربكەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لای خۆشیەوە ئاژانسی هەواڵی "سانا" رایگەیاند، دواین پاس كە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی تێدابوون لە گەڕەكی شێخ مەقسوود شاری حەلەبیان بەرەو باكووری رۆژهەڵاتی سوریا بەجێهێشتوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە رۆژی 6ـی 1ـی ئەمساڵەوە چەکدرانی سوریا گەمارۆی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبیان داوە و بە چەکی قورس و سوک بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەریان و بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتی بوون بە قوربانی و هەزاران هاوڵاتیش ئاوارە بوون.



