لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە سنوری قەزای ئامێدی، دوکەڵی سۆپا بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ ئەندامی خێزانێک و دایکەکەش رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە ناوچەکەوە رایگەیاند، رووداوەکە لە گوندی "باوەرکێ"ی سەر بە ناحیەی سەرسەنگ روویداوە، تێیدا شوانێک و دوو منداڵی بەهۆی دوکەڵی سۆپاوە خنکاون.

بەپێی زانیارییەکان، باوکەکە تەمەنی 40 ساڵە و بە رەگەز عەرەبە و خەڵکی ناوچەی رەبیعەیە، دوو منداڵەکەشی کچن.

بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بۆ کوردسات نیوز پشتڕاستیکردەوە، جگە لەو سێ قوربانییە، دایکی منداڵەکانیش بەهۆی کاریگەری دوکەڵەکەوە دۆخی تەندروستی تێکچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکدایە.