سەعدی ئەحمەد پیرە: هیچ هێزێکی هەسەدە لە شێخ مەقسود نییە؛ ئەوەی روودەدات تاوانە
راهۆز
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، نیگەرانیی قوڵی لەبارەی دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، هیچ هێزێکی سەربازیی هەسەدە لەو ناوچەیە بوونی نییە.
سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی؛ ئاماژەی بەوە کرد، بەڕاستی نیگەرانن لەو دۆخەی لەو دوو گەڕەکە دێتە پێشەوە و ئەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵک دەکرێن، لەلایەن هێزگەلێکەوە کە "کەس نازانێت چۆن ناویان بهێنێت و پەیوەندییان بە چەندین وڵاتەوە هەیە."
سەبارەت بە پاساوی هێرشەکان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رونکردنەوەی دا و وتی: "لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسود هیچ هێزێکی هەسەدەی لێ نییە، ئەوەی هەیە تەنها هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن کە بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی لەوێ جێگیر کراون."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەعدی ئەحمەد پیرە جەختی کردەوە کە یەکێتی بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانانە دەکات کە دەرهەق بە خەڵکی مەدەنی دەکرێن، ئاماژەی بەوەش دا کە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشتر ئیدانەی ئەو هێرشانەی کردووە و هەڵوێستی روونی هەبووە.



