وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو گرفتەی بەهۆی کەشوهەواوە لە تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا دروست ببوو، چارەسەرکراوە و لە ئێستادا دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلێکی بەهێزی رەشەبا، باران و بەفر شەوی رابردوو رووی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کرد و زیانی بە تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرز لە نێوان وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە گەیاند، بەڵام تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان توانیان بەخێرایی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

وەزارەتەکە روونیکردۆتەوە، دوای چەند سەعاتێک لە پچڕانەکە، تیمەکانیان توانیویانە بەشێکی زۆری کارەبای پارێزگاکان بگەڕێننەوە و ئێستاش دۆخەکە وەک پێشووی لێهاتووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوەکەدا سوپاسی هاووڵاتیان دەکات بۆ ئارامگرتنیان و دڵنیاییش دەدات کە تیمەکانیان هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێک کە رووبەڕووی تۆڕەکانی کارەبا ببێتەوە.