تۆم باراک: هەوڵدەدەین ماوەی ئاگربەستی حەلەب درێژ بکەینەوە
بڵند
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دوای چوار رۆژ لە پێکدادان و هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بەرگری سوریا ئاگربەستی لە شاری حەلەب راگەیاند و نێردی تایبەتی ئەمریکاش بۆ کاروباری سوریا دەڵێت هەوڵدەدەین ماوەی ئاگربەست درێژ بکەینەوە.
وەزارەتی بەرگری سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە وتێیدا هاتووە؛ لەبەر سەلامەتی دانیشتوان بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی نوێی چالاکییە سەربازییەکان لەناو گەڕەکە کوردنشینەکاندا، وەزارەتی بەرگری ئاگربەست لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە و بەنی زەید رادەگەیەنێت.
ئاگربەستەکە لە سەعات سێی بەرەبەیانەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا سەعات نۆی ئەمڕۆ هەینییە و بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزارەی ناوخۆی سوریا داوا لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات ئەو گەڕەکانە چۆڵ بکەن.
لای خۆشیەوە تۆم باراکی نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگیاندوە، لە هەوڵدان ماوەی ئاگربەستەکە درێژبکەنەوە بۆ زیاتر لەوەی دیاری کراوە.
درەنگانێکی ئەمشەو، وەزارتەی ناوخۆی سوریا کۆنتڕۆڵکردنی گەڕەکی شێخ مەقسودی راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیان کرد ئەم رێوشوێنە ئامانجی دەستەبەرکردنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت و بەرزکردنەوەی سەقامگیریە و رێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی دانیشتووان بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی گرژی و پێکددانەکانی چوار رۆژی رابردوەوە زیاتر لە 60 کەس بریندار بوون و نزیکەی 20 هاووڵاتی مەدەنیش شەهید بوون.



