ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی چەکدارەکانی سوریاوە،  ژمارەی شەهیدەکانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب گەیشتە 12 کەس و بریندارەکانیش بۆ 64 کەس بەرزبونەتەوە.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، نوێترین ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکانیان، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی شەهید بوون گەیشتوەتە 12 کەس، لە بەرانبەردا، ژمارەی بریندارەکانیش بەرزبوەتەوە بۆ 64 برینداری مەدەنی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆردومانی چڕی  هەڕەمەکی چەکدارەکانی سوریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەردەوامی هەیە و لە رێگەی  تانک و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەردەوامن لە بە ئامانج گرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژمارەی قوربانییەکانیش بەردەوام لە زیادبوندایە.

شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب پێی ناوەتە رۆژی سێیەمەوە و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە، تا ئێستا بەردەوامی هەیە.