مەزڵوم کۆبانێ: بەردەوامبوون لەسەر رێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، قبووڵکراو نییە
بڵند
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
مەزڵوم کۆبانێ، رایدەگەیەنێت بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لاواز دەکات و ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، کارێکی قبووڵکراو نییە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیەندراوێکی لەسەر پێشهاتەکانی حەلەب بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، کارێکی قبووڵکراو نییە، لە رابردودا بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی، کە گەیشتووەتە ئاستی تاوانی جەنگ لە کەناری سووریا و سوەیدا.
مەزڵوم کۆبانی دەشڵێت؛ بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب و بۆردومانکردنی هاووڵاتیانی بێتاوان و دەربەدەرکردنیان، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە کاتی پرۆسەی گفتوگۆدا، دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لاواز دەکات و زەمینە بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی مەترسیدار خۆش دەکات.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت؛ لە تەنیشت خەڵکی خۆمان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە وەستاوین و چەند رۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکەن بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە.
ناوبراو لە کۆتایشدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.



