روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند دوابەدوای شکستی هێزەکانی حکومەت، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا نەخۆشخانەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان کردە ئامانج.

روانگەی سوری لەسەر زاری سەرچاوەکانیەوە رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بەشدارییان کردوە لە گرژییەکان حەلەب و هێرشیان کردوەتە سەر نەخۆشخانەی عوسمان و بۆردومانیان کردوە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، کە چەکدارەکانی سوریا  نەیانتوانی هیچ پێشکەوتنێک لە گەڕەکە کوردییەکاندا  بەدەستبهێنن.

بەپێی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێرسی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیا زیانی زۆری لێکەوتوەتەوە لە نەخۆشخانەکەدا، ئەمە سەرەرای ئەوەی لە سەرەتای گرژییەکانەوە ژمارەیەکی زۆر بریندار هەیە تا ئەمڕۆ و  هۆشداری دەدرێت لە کارەساتێکی مرۆیی ئەگەر گرژییەکان بەردەوام بن.

ئەمڕۆ سێیەم رۆژە لەسەر یەک، کە پێکدادان و  گرژییەکان بە چری لە نێوان جەکدارەکانی سوریا و ئاسایشی ناوخۆی حەلەبدا بەردەوامە سەرەڕای بونی رێکەوتنی ئاگربەست لە نێوانیاندا

ئەمە لە کاتێکدایە، ناوچەکە روبەڕوو پێکدادانێکی قورس بوەتەوە، کە هەموو جۆرە چەکێکی تێدا بەکارهێنراوە لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سوریاوە بۆ جونە ناو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، بەڵا تا ئێستا سەرکەوتوو نەبون.

بە گوێرەی داتاکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، نۆ شەهیدی مەدەنی هەیە، کە جواریان ژنن و یەکیان منداڵە و ژامرەیەکی زۆریش خانو زیانیان بەرکەوتوە.