هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیداری خۆسەر رایدەگەیەنێت، هەوڵە دیپلۆماسییەكان لەنێوان فەرەنسا و ئەمریكا  و تورکیادا  بەردەوامە بۆ هێوركردنەوەی رەوشی حەلەب  و پەیوەندییەكی چڕوپڕیان لەگەڵ واشنتۆن، پاریس و ئەنقەرە هەیە سەبارەت بە گۆڕانكارییەكان.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش كردوە، كە هەوڵ دەدەن ئەم وڵاتانە رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئەوان و دیمەشقدا بگێڕن بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و دوپاتیشیکردوەتەوە  لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە هەوڵدەدەین بگەینە بەكارهێنانی زمانی عەقڵ و لۆژیك بۆ چارەسەری پرسەكان بەبێ پەنابردن بۆ ئەنجامدانی رەشەكوژی.

ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەوان وا لە پرسەکە دەڕوانن، کە پرسێکی ناوخۆیی سوریایە و دەبێت چارەسەرەکەشی هەر لە ناوخۆی سوریادا بێت.

ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت؛ لە پەوەندیدان لەگەڵ دیمەشق بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و رێگریكردن لە ئاڵۆزی زیاتر، دوپاتیشیکردوەتەوە، ئەوان لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگ و چارەسەری پرسەكاندان، بەڵام ژمارەیەک لە گروپەکان، کە لە لازقیەو سوەیدا رەشەكوژییان ئەنجامداوە دەیانەوێت هەمان شت بکەنەوە لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب.