وەفدێكی باڵای پارتی سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد لە هەولێر
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد لە هەولێر و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق تاوتوێكرا .
پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، هیچ كام لە یەكێتی و پارتی راگەیەنراویان سەبارەت كۆبونەوەكە بڵاونەكردوەتەوە ، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست كوردسات نیوز كەوتووە ، وەفدەكەی پارتی لە كۆبونەوەكەدا داوای لە یەكێتی كردوە هەوڵەكان خێراتر بكرێن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و لە بەرامبەردا پارتی لە بەغداد دەنگ بە كاندیدی یەكێتی دەدات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق ، بەڵام یەكێتی دوپاتیكردوەتەوە كە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم جیاوازە لە پرسی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق ، هەربۆیە هیچ كام لە داواكارییەكانی یەكێتی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناگۆڕێت و ئامانجی یەكێتی ئەوەیە رێرەوی حكومرانی لە هەرێمی كوردستان راست بكرێتەوە .



