ئەمڕۆ چوارشەممە دەرباز كۆسرەت رەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، پێشوازی كرد لە "یان برایم" كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان. 

لە دیدارەكەدا رەوشی ناوچەكە، پێشهاتە سیاسییەكان  و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و عیراق تاوتوێکرا، هەروەها گرنگی یەكڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دووپاتكرایەوە.

دەرباز كۆسرەت رەسول رایگەیاند:" بەرپرسیارێتی گەورەو دەرفەتمان لەپێشە، پێویستمان بەوەیە بەیەكڕیزی لەناوخۆو دەرەوە كاربكەین بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان".

دەرباز كۆسرەت رەسول هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەبارەی رەوشی عیراق خستەڕوو، كەجەخت لەسەر چوارچێوە دەستووریی و یاساییەكان دەكاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئالنگارییەكان ، باشتركردنی باردۆخی هاونیشتمانیان و دەستەبەركردنی حكومڕانی تەندروست.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا،  رەوشی سوریا و پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێکرد و جەختیان لە پاراستنی مافە رەواكانی گەلی كورد لە سوریا كردەوە  و بەپێویست زانرا كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەوردی چاودێری بارودۆخی سوریا بكات.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، پاراستنی پەیوەندی بنیاتنەرانە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان، بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدان بۆ بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیان لە عیراق و هەرێمی كوردستان، دوپاتكرایەوە.