هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، ئاماری نوێێ قورابانی ئەوو دوو گەڕەکەی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی مەدەنی  بەرزبوەتەوە بۆ حەوت کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتوەتە 54 بریندار.

ناوەندی راگەیاندن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە راگەیەندراوێکدا  ئاماری نوێی قوربانییەکانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانە دڕندانەیە کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە دەکرێتە سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب ژمارەی قوربانییەکان  60 کەسی تێپەراند، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە  تا ئێستا حەوت هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی سوپای سوریاوە گیانیان لەدەستداوە و 54 کەسی تریش بریندار بوون.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئاماژەیان بەوەشکردوە، لەگەڵ گەمارۆیەکی خنکێنەر و تەواو، کە لەلایەن تانکەکانەوە بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێنراوە، ئەو دیمەنە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان دێنێتەوە یاد، کە بە بیانوی هەڵبەستراو و تەواوی هێزی خۆی بەکاردەهێنا بۆ کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی مەدەنی.