لەسەر راسپاردەی خاتو گەلاوێژ، هەزاران کتێب پێشکەش بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ دەکرێت
راهۆز
٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەکەی مانگی رابردوو، زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ و ئەرشیفەکەی کەوت، لەسەر راسپاردەی خاتو گەلاوێژ، هەزاران سەرچاوەی زانستی و کتێب پێشکەش بە کتێبخانەکە دەکرێتەوە.
بۆردی وێبسایتی "خاتوو گەلاوێژ" کە پێکهاتبوون لە د. ژینۆ عەبدوڵڵا و جومعە شوانی، سەردانی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ-یان کرد و لەلایەن هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کتێبخانەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا بەڕێوەبەری کتێبخانەکە باسی لەو زیانە زۆرانە کرد کە بەهۆی لافاوەکەوە بەر بینای کتێبخانەکە و سەرچاوە بەنرخەکان و ئەرشیفی رۆژنامە و گۆڤارەکان کەوتووە.
لە بەرامبەردا، بۆردی وێبسایتی خاتوو گەلاوێژ ئامادەیی هەموو هاوکارییەکیان دەربڕی و رایانگەیاند، لەسەر راسپاردەی خاتو گەلاوێژ، بە هەزاران ناونیشانی جیاواز لە کتێب و سەرچاوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی لە بوارەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان پێشکەش بە کتێبخانەکە دەکەن.
هاوکات لەسەر داواکاریی بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەکە، ژمارەیەکی زۆر لە نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا بۆ دەوڵەمەندکردنەوەی کتێبخانەکە دابین دەکەن.
کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ساڵی 1976 دامەزراوە، پێش روداوی لافاوەکە خاوەنی 27 هەزار کتێب و 36 هەزار رۆژنامە و گۆڤار بووە، هاوکات سەرپەرشتی کتێبخانەکانی (سەنگاو، ئاغجەلەر، لەیلان، بابەگوڕگوڕ، دوبز، قەرەهەنجیر، شۆڕش، تێکیە و گۆپتەپە) دەکات.



