حكومەتی عیراق دابەشكردنی بەشەخۆراكی لە هەرێم راگرت و داوادەكات ئەو پارەیەی لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت زیاد بكرێت، بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانیش دەڵێت، لەگەڵ حكومەتی عیراق لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

كامەران فەتاح، بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، حكومەتی عیراق داوایكردووە لەو پارەیەی كە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت لە بەرانبەر بەشەخۆراك بە بڕی 250 دینار زیاد بكرێت، بەجۆرێك بۆ هەر ئەندامێكی خێزان لە 750 دینارەوە بۆ هەزار دینار زیاد بكرێت، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەكردنی ئەو داواكارییە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، حكومەتی عیراق هیچ رەزامەندییەكی نیشاننەداوە بۆ دابەشكردنی سەبەتەی نوێی بەشەخۆراك .

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی بازرگانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عیراق لە گفتوگۆدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا كێشەكە چارەسەر بكرێت.

بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانی وتیشی، بەشی سێ مانگ  بەشەخۆراك لە كۆگاكانی سلێمانی هەیە و هەر كاتێك حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشان بدات، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگێك دەكرێت، وتیشی، حكومەتی عیراق ساڵی رابردوو هەشت بەشەخۆراكی دابەشكردووە، بەڵام لە هەرێم حەوت بەشەخۆراك دابەشكراوە.